٢٠٠٩-٠٤-٢١

نه‌ژاد ده‌وڵه‌تانی‌ ڕۆژئاوای‌ توڕه‌ كرد و ئیسرائیلی به‌ " كیانی‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی " وه‌سفكرد

نه‌ژاد ده‌وڵه‌تانی‌ ڕۆژئاوای‌ توڕه‌ كرد و ئیسرائیلی به‌ " كیانی‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی " وه‌سفكرد
4/21/2009

مه‌حمود ئه‌حمه‌د نـه‌ژادی‌ سه‌رۆكی‌ كۆماری‌ ئیـسلامی‌ ئێرانی‌ له‌ میانه‌ی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بۆ نه‌هێشتنی‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی له‌ جنێف , هێرشی كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل و ده‌وڵه‌تانی‌ ڕۆژئاوا و ئیسرائلیلشی به‌ كیانێكی‌ ره‌گه‌زپه‌رسی وه‌سفكرد , كه‌ له‌سه‌ر خاكی‌ فه‌له‌ستینی‌ به‌ زوڵم دامه‌زراوه‌ .نه‌ژاد سه‌ره‌تای‌ ووته‌كانی‌ به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل و ده‌وڵه‌تانی‌ ڕۆژئاوا ده‌ستپێكرد و پاش چه‌ند خوله‌كێكیش له‌ ووته‌كانی‌ نوێنه‌ری‌ چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی‌ ڕۆژئاوایی كۆنگره‌كه‌یان جێهێشت و هۆڵه‌كه‌یان چۆڵكرد , جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ند هه‌وڵێكی‌ تاكه‌ كه‌سی درا بۆ ڕێگرتن به‌ نه‌ژاد و پێبڕینی‌ ووته‌كانی‌ , به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ ئێرانی‌ ووته‌كانی‌ ببڕێت , یان ته‌نانه‌ت ته‌ماشای‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش بكات كه‌ هۆڵه‌كه‌ جێده‌هێڵن . به‌ر له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نوێنه‌ی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش , پۆلیسی سویسری‌ كه‌سێكیان ده‌ستگیر كرد , كه‌ ویستی‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر نه‌ژاد و ووته‌كانی‌ پێ‌ ببڕێت , وه‌ك جێبه‌جێكردنی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ پێشتری‌ " برنارد كوشنیر " ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ڕه‌نسا , كه‌ ووتبووی‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ ئێرانی‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئیسرائیل بگرێت , ئه‌وا هۆڵی‌ كۆنگره‌كه‌ جێده‌هێڵێت . نه‌ژاد له‌ ووته‌كانیدا باسی له‌هۆكار و پاڵنه‌ره‌كانی‌ هێرشی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ كرد بۆ داگیر كردنی‌ عێراق و ووتی‌ , گه‌لی‌ عێراقی به‌ ملیۆنه‌ها دۆلار زیانی‌ به‌ركه‌وت , جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مریكاش هه‌روا زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ركه‌وت و پلانه‌كه‌ش دانراوی‌ ئه‌مریكی‌ و ئیسرائیلی‌ بوو . له‌لای‌ خۆشیه‌وه‌ " بندیكتوسی شانزه‌هه‌م " ی‌ پاپای‌ ڤاتیكان ڕه‌خنه‌ی‌ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ گرت , كه‌ كۆنگره‌كه‌یان جێهێشت و ئیدانه‌ی‌ كاره‌كه‌یانی‌ كرد و ووتی‌ " كۆنگره‌كه‌ له‌هه‌وڵی به‌دیهێنانی‌ فرسه‌ت و هه‌لێكدا بوو بۆ دژایه‌تیكردنی‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی و جیاكاری‌ " و هانی‌ هه‌موو لایه‌كیدا بۆ كار كردن به‌ گیانێكی‌ دانوستاندن و دیالۆگه‌وه‌ .

ئیسلام په‌یك